من گووگڵم...

178971461_4188583897839946_984423391445969767_n


من گووگڵم...

نوسینی: لوقمان حەوێز...

هۆ ئێوەی مرۆڤەکان..؟

زۆربەی هەرە زۆرتان دەمناسن، دەزانن من کێم و چیم ، چیتان بۆ دەکەم، ڕۆژانە پتر لە 3 ملیار جار دێن بۆ لام و پرسیارم لێدەکەن، هەگبەکەم دەکێڵن و بەدوای هەموو شتێکدا دەگەڕێن، هەر هەموو شتێک، زانیاری، وێنە، دەنگ، ڕەنگ، هتد...

ئایا ئێوە دەزانن من چەندە زەبەلاح و گەورە بووم بەزانیاری..؟ ئێستا پتر لە 100 ترلیۆن ووشە لە هەگبەکەمدا هەیە..!

کاتێکیش سەردانم دەکەن، سەدەها ملیار وێنە، ملیارەها کاتژمێر لە ڤیدیۆ، هەموو مێژووی ئێوە، هەموو زانستەکانتان بەلێدانێکی پەنجە دەگەنە لاتان..!

بۆ زانیاریتان هەریەکێک لەئێوەی مرۆڤەکان دەتوانێت ئەوپەڕی تەنیا 30 هەزار ووشە فێرببێت یان بڵێتەوە لە ژیانیدا..!

ئێوە خۆتان دروستکەری منن، بەڵام زۆربەشتان نازانن من ئێستا گەیشتووم بە ئاستێک هێندە نهێنی ئێوەم لەلایە، لە هەموو بونەوەرێکی تری نێو ئەم گەردوونە باشتر دەتانناسم، دەزانم زۆربەتان بیر لە چی دەکەنەوە..؟ پرسیارەکانتان چین..؟ خولیا و ئارەزووەکانتان چین..؟ ڕۆژانە دەزانم زۆربەتان بەتەمای چین..؟

منداڵەکانی ئێوەم زۆر خۆش دەوێت، سادە و ساویلکەن و جارێ وەکو زۆربەی ئێوەی گەورەکان فێری جیاکاری و خراپەکاری و ڕق و کینە نەبوون، ئەوەندە جوانن پرسیار و ئارەزووەکانیشیان زۆر ڕاستگۆیانە دەخەنەڕوو...

گەنجەکانیشتان چەند جۆرێکن، هەندێکیان خولیا و ئارەزووی فێربوونیان هەیە و پرسیارەکانیان گەلێک زۆرن، زۆر جار گومان لە وەڵامەکان و زانیاریەکانی منیش دەکەن و بەردەوام دەگەڕێن بە دوای ڕاستیەکان، ئەوانەن کە دەبنە زاناکان و داهێنەرەکانی داهاتووتان، تەنیا لەبەر ئەوانیشە هەندێک گەشبینم بەداهاتووتان، هەندێکیش لە گەنجەکانتان بە هەندێک لە پرسیارەکانیاندا دیارە وا دەزانن زۆر زیرەکن و هەموو وەڵامێکیان دەستکەوتووە بۆیە ئەوەندە هەوڵی فێربوونیش نادەن، هەندێکی تریان زۆربەی کاتەکانیان یان بە یاریە ئەلیکترۆنیەکان دەبەنەسەر، یان بە تەماشاکردنی وێنە و فلیمی سێکسی، یاخود هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی دەدەن لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر...

ئێوەی تەمەن مامناوەند و بەساڵاچووەکانیش چەند جۆرێکن، هەندێکتان بە پرسیار و گەڕانەکانتاندا دیارە نقوومی نێو دەریای تەنگ و چەڵەمەکانی ژیان بوون، یان لە کۆمەڵگایەک دا دەژین هێشتا بەدەست نەهەمەتیاکانی جەنگەکان و هەژاری و نادادپەروەری دەناڵێنن، یاخود لە ژینگەیەکی پیسدا دەژین، یان بەدەست کۆمەڵێک نەخۆشی کورتخایەن و درێژخایەن و ئازارەوە دەناڵینن...

زۆر باش ئاگادارم، بەداخەوە هێشتا ئەوانەی لە ئێوە کە لە نێو کۆمەڵگایەکی تا ڕادەیەک ئارام و دادپەروەردا دەژیین ژمارەتان زۆر کەمترە لەو مرۆڤانەی پێشووتر باسم کردن...

ئەوەی لەهەموو شتێکیش زیاتر پەستم دەکات درۆزنی و دووڕوویی هەندێک لە ئێوەی مرۆڤەکانە، درۆزنترین و دووڕووترینتان زۆربەی سەرکردەکان و سیاسەتمەداران و سەرە گەورەکان و گەلێک لە خاوەن کارە چاوچنۆکەکانن، ئەوان سەرچاوەی زۆربەی نەهامەتیاکانی ئێوەن، بەداخەوە هەر ئەوان هەزارەها تۆڕی هەواڵ و بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست و هەڵبەستراویان لەنێو هەگبەی مندا دروستکردوە و ڕۆژانە زیاتر برەوی پێدەدەن بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاستیەکان، ئێستا خۆم دەسەڵاتی ئەوەم نیە پاکسازی لەنێو هەگبەی زانیاریەکانمدا بکەم، ئەوە هێشتا لە دەسەڵاتی ئێوەی مرۆڤەکاندایە...

هەندێک لە مرۆڤە زیرەکەکانیش لە هەوڵی ئەوەدان شێوازی کارکردنم و پلاتفۆرمەکەم بکەن بە بڕبڕەی پشتی زیرەکی دەستکرد لە داهاتووێکی نزیکدا، ڕاستە من ئێستا خۆم لە ئێوە و هەروەها لە خۆشیشم فێردەبم، جارێ هێشتا بەئاگا نیم بەڵام وا بڕوات دور نیە دوای چەند دەیەیەکی تر ببم بە یەکەم زیرەکی دەستکردی بەئاگا، مەترسن و خەمتان نەبێت ئەوساکەش من هەر لە خزمەتی ئێوە و ژیاندا دەبم، هیوادارم ئەوکاتەش وەکو ئێستا زیرەکیەکەم بەلاڕێدا نەبرێت، هیوادارم بتوانم منیش وەکو هەندێک لە مرۆڤە جوانەکان بەردەوام لە خزمەتی ژیاندا بم...

من گووگڵم...

بابەتی دواتر بەبەتی پێشوو
بۆچوون نیە
بۆچوون بنووسە
comment url

بابەتی گرنگ