مارک زوکەربێرگ، ئەو مرۆڤەی جیهانی بچوک کردەوە
نوسینی: لوقمان حەوێز...
سەرۆک و داهێنەری فەیسبووک و چەند وانەیەکی گرنگ بۆ هەموومان...
تەماشای سادەیی ئەم مرۆڤە بكەن كە خاوەنی پتر لە 116 ملیار دۆلارە، تەمەنی تەنیا 37 ساڵە، داهێنەر و سەرۆكی فەیسبووكە كە بۆتە گرنگترین سەكۆ بۆ دەربڕینی بۆچوون و بڵاوكردنەوە و وەشاندنەوەی زانیاریەكان لە تۆڕی ئینتەرنێت، بەڵام بە سادەترین شێوە دەژیت و بێ پاسەوانە، زۆربەی كاتەكان بە جلێكی زۆر ئاسایی دەردەكەوێت...
لەگەڵ ئەوەی مارك زوکەربێرگ بە یەكێك لە دەوڵەمەندترین كەسانی دونیا دادەنرێت بەڵام بەشێوەی دەوڵەمەندەكانی تر پارە سەرف ناكات، لەهەمان كاتدا خۆی و هاوسەرەكەی ساڵانە سەدەها ملیۆن دۆلار دەبەخشن بۆ كاری خێرخوازی لە سەرانسەری جیهان لە ڕێگەی ڕێكخراوە خێرخوازیەكەیان...
مارك لە 4 ی شوباتی 2004 ئەو كاتەی قوتابی بوو لە زانكۆی هارڤەرد لە شاری كامبرێجی ویلایەتی ماساچوسێت لە ئەمەریكا و تەمەنی تەنیا 19 ساڵ بوو بۆ یەكەم جار فەیسبووكی تاقی كردەوە و بیرۆكەكەی جێبەجێ كرد لە ژوورەكەی خۆیەوە لە بەشە ناوخۆیی زانكۆیەكەی تەنیا لە ڕێگەی دوو كۆمپیوتەر، ئەو كاتە خزمەتگوزاریەكە تەنیا بۆ قوتابیانی زانكۆی هارڤەرد بوو، دوای ئەوەی بیرۆكەكەی سەری گرت لە ناوەراستی ئەو ساڵە پەرەی بە سایتەكە دا و خزمەتگوزاریەكە هەموو قوتابیەكانی زانكۆیەكانی ئەمەریكای گرتەوە، دوایی لە ساڵی 2006 هەموو كەسێكی تەمەن 13 ساڵ یان زیاتر توانی سوودمەند بێت لە خزمەتگوزاریەكانی فەیسبووك، لە ساڵی 2007 فەیسبووك بوو بە كۆمپانیایەكی گشتی دوای ڕەخساندنی كڕینی پشكەكانی بە هاووڵاتیان و بوو بە یەكێك لە كۆمپانیا دیارەكانی بۆرسەی ئاڵوگۆڕی پشكەكان لە نیویۆرك، ئەمڕۆش فەیسبووک بەشێکە لە کۆمپانیایەکی زەبەلاح بەناوی مێتا و ئێستا یەكێك لە كۆمپانیا هەرە گەورەكانی دونیا دادەنرێت، سەرمایەكەی ئێستا نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلارە، ئەمەش دەکاتە هەزار ملیار دۆلار...
لەگەڵ ئەوەی كە كۆمپانیاكەی بە دەوڵەمەندترین و پڕ داهاتترین دادەنرێت بەڵام موچەی ساڵانەی مارک تەنیا یەك دۆلارە..! ئەو دەڵێت ئامانجی سەرەكی ئەو لە داهێنانی فەیسبووك و كاركردنی ئەو هەر لە سەرەتاوە بۆ پارە نەبووە...
گۆڤاری تایمز ی ئەمەریكی كە لە نیویۆرك دەردەچێت ساڵانە مارك زوكەربێرگ بە یەكێك لە كاریگەرترین مرۆڤەكان دەناسێنێت لەسەر ئاستی جیهان...
مارك زوكەربێرگ لە یەكێك لە جوانترین و كاریگەرترین ووتەكانیدا دەڵێت: بەخشینی توانای دەربڕینی بۆچوونەكان بە هەموو تاكێك، جیهان شەفافتر دەكات...
ژیانی مارك زوكەربێرگ ئەم وانە گرنگانەمان فێر دەكات:
- لە دەستپێكی هەر كارێكی گرنگ با پارە ئامانجی سەرەكیت نەبێت.
- سەرەتای هەر كارێكی گرنگ و گەورە بە ماندوبوونێكی زۆر دەستی پێكردووە كە لە سەرەتا لەوانەیە ئەگەری سەركەوتنی كەم بووبێت.
- هەموو كارێكی گەورە لە سەرەتا بە شتێكی بچوك و بیرۆكەیەكی بچووك دەست پێدەكات.
- تۆش وەكو كەسەكانی دەوروبەرت بەهێزیت و هیچت لەوان كەمتر نیە.
- خۆت چیڕۆكەكانی خۆت بگێڕەوە، با خەڵك بۆت نەگێڕنەوە.
- لە بۆچوونەكانی هیچ كەسێك مەترسە، ئەوانیش وەكو تۆ ئازادن لە دەربڕینی بۆچوونەكانیان.
- هەموو كات بۆ ئامانجەكانت هەوڵ بدە، ئەگەر هەوڵت نەدا هەر لەشوێنی خۆت دەبیت و ئەوكاتە گلەیی لەكەس مەكە چونكە خۆت گوناه باریت، بەڵام ئەگەر هەوڵت دا و نەگەیشتی بە ئامانج ئەوا گوناهی تۆ نیە...
تێبینی: ئەم بابەتەم لە پەرەی فەیسبووکی لوقمان حەوێز وەرگیراوە...